فایەق زەیدان دژی گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمان دەوەستێتەوە


سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، فایەق زێدان ڕایگەیاند " پێشنیاری هەموارکردنەوەی دەستوور یان هەموارکردنەوەی یاسای پەرلەمان دەکەم، بۆ ڕوونکردنەوەی مانای دەستەواژەی "گەورەترین فراکسیۆن”، کە بەرپرسیارە لە کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، چونکە پرۆسەی سیاسی بە بەن بەست گەیاندووە".

فایق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق سەبارەت بە چارەسەرکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و هەمووارکردنەوەی دەستوور، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، "ماددەی (٧٦)ـی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ـی کۆماری عێراق یەکێکە لە بڕگە دەستوورییە مشتومڕاوییەکان، بەهۆی بوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە لە ماوەی دیاریکراود، بەڵام کێشەیەکی دەستوری لە لێکدانەوەی ئەم دەستەواژەدا (گەورەترین فراکسیۆن) سەریهەڵدا، کە دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیاری ژمارە (٢٥ـی فیدراڵی/٢٠١٠) ئاماژەی پێکرد، بڕیارێک کە تا ئێستاش بابەتی مشتومڕی سیاسییە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە " کێشەکە لە دەوری دیاریکردنی مەبەستی ‘گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی‌ دەسوڕایەوە، ئایا مەبەست لە ئەو فراکسیۆنەیە کە زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە؟ یان ئەو فراکسیۆنەیە کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لە ڕێگەی هاوپەیمانیەکانی ناو پەرلەمان پێکدێت؟".

ئەوەشێ خستۆتەڕوو " ئەم لێکدانەوەیە بەدەست چەندین کەموکوڕی دەستوورییەوە دەناڵێنێت، دیارترینیان دژایەتییەکەی لەگەڵ مانای ڕواڵەتی دەقەکەدا، دەقەکە ڕوون و بێ دوو دڵییە، هیچ ئاماژەیەک بە هاوپەیمانییەکانی دواتر ناکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، مانای مەبەستدار ئەو گەورەترین فراکسیۆن ئەوەیە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی بەدەستدەهێنێت، چونکە ئەگەر وانەبێت جگە پرسیار لای دەنگدەران درووست دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە گۆڕانکاری لە دەرئەنجامە سیاسییەکان دەکات، بەمەش بنەمای شەرعیەتی جەماوەری لاواز دەبێت".

فایەق زەیدان پێیوانە" ئەمە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی بە کردنەوەی دەرگا بەڕووی هاوپەیمانییەکانی دواتر و ملکەچکردن بۆ دانوستانە ئاڵۆزەکان و پێکهێنانی حکومەت، کە دەکرێت بۆ ماوەی چەند مانگێک درێژە بکێشێت، وەک ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ڕوویدا، ئەمەش بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی قەیرانی سیاسی.

جەخت دەکاتەوە، دەستەواژەی گەورەترین فراکسیۆن بەهۆی لێکدانەوە سیاسییە بووەتە خاڵی سەرەکی ململانێی سیاسی، کە لەڕووی سیاسییەوە گونجاوتر نەک لەڕووی یاساییەوە، لە ئەنجامدا لێکدانەوەکە بە زیادکردنی ناڕەوای دەقی دەستووری دادەنرێت، چارەسەرکردنی ئەم پرسە پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە، کە بە ڕوونی گەورەترین فراکسیۆن بە شێوەیەک پێناسە بکات و هیچ بوارێک بۆ لێکدانەوە نەهێڵێتەوە، بەم شێوەیە ئاسایشی دەستوور مسۆگەر دەکرێت و ئیرادەی دەنگدەران دەپارێزرێت.

 لە کۆتایدا راگەیاندنەکەدا هاتووە" بە شێوەیەکی تر دەتوانرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت، وەک هەموارکردنەوەی یاسای پەرلەمان بۆ ئەوەی گەورەترین فراکسیۆن لە یەکەم دانیشتنی فەرمی تۆمار نەکرێت، بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە کە دادگای باڵای فیدراڵی بە لێکدانەوەیەکی پێشووی خۆیدا بچێتەوە و لێکدانەوەیەکی سنووردارتر پەسەند بکات، کە ‘گەورەترین فراکسیۆن‌ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە ببەستێتەوە، نەک هاوپەیمانییەکانی دواتر".




PM:06:44:03/03/2026