دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان باس لەوە دەکات کە تا ئێستا "سەرجەم دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی عێراق کراوەن، جووڵەی بازرگانی ئاساییە و هێنانی کاڵا لە دەروازەکانەوە بەردەوامە".
شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند "تەنیا دەروازە ئاسمانییەکان داخراون، ئەویش بەهۆی داخستنی تەواوی ئاسمانی عێراقەوەیە بەهۆی شەڕەوە".
هەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق بلاویکردەوە کە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق درێژ کراوەتەوە، بڕیارەکە سەرجەم ئەو فڕۆکانە دەگرێتەوە کە دێنە ناو وڵاتەکە، یان لێیەوە دەڕۆن، یان بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، بڕیارەکە هەر لە کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە بەردەوام دەبێت.
لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، بە هۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیراون.