سودانی پیرۆزبایی لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.

محەمەد شیاع سودانی، لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی و شەهیدانی گەلی ئێران دووپات کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، متمانەی تەواوی بە توانای سەرکردایەتی نوێی ئێران هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە هەستیارە و پاراستنی یەکڕیزی گەلی ئێران لە بەرامبەر تەحەددییەکاندا.

 ئەو جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بەردەوام بێت لە گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سودانی هاوسۆزی و پشتیوانی عێراقی بۆ تاران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە عێراق دژی هەر هێرشێکی سەربازییە بۆ سەر سەروەری ئێران. 

داوای کرد هەموو هەنگاوەکان بە ئاراستەی ڕاگرتنی ململانێکان بن، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ دەستەبەر بکات.




PM:10:34:09/03/2026