ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک بڕیاری لەبوارەکانی ئەمنی، ئابووری، ژێرخان و پەیوەندییەکان پەسەند کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە چەندین سێکتەری هەستیار و ستراتیژیی وڵات دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری، وزە، ئاوەدانکردنەوە و پەیوەندییەکاندا".

دەقی راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق:

سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی دەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆی بارودۆخی وڵات کرا لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان لەسەر عێراق، جگە لە تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و دەرکردنی بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران سەرەخۆشی لە گەلی عێراق و هەموو ئوممەتی ئیسلامی کرد بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب (سڵاوی خوای لێبێت)، و ژیاننامە درەوشاوەکەی بەبیرهێنایەوە کە تێیدا کۆڵەکەکانی دادپەروەری، چاکسازی، چاودێریکردنی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چەسپاند، کە لە کەسایەتییە پیرۆزەکەیدا هەموو واتاکانی حیکمەت و سەرکردایەتی دادپەروەرانە ڕەنگی دایەوە.

ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام بوو لە پێداچوونەوە بە کارنامەی کۆبوونەوەکە و بەدواداچوونی بۆ ڕێکارەکانی زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ئەو بڕیارانەی لەمبارەیەوە دراون، و ئەمانەی خوارەوەی پەسەند کرد:

١. پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی هەڵوێستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پێدانی پشکی خەزێنەی گشتی لەلایەن کۆمپانیا گشتییەکان و فەرمانگەکانی خاوەن تەمویلی خۆیی.

٢. دابینکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ لیژنەی پەیوەندیدار سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان کە شایستەی خەزێنەی گشتی و هەرێم و پارێزگاکانن.

٣. بەردەوامبوونی کاری لیژنەی فەرمانی دیوانی (ژمارە ٨٧ی ساڵی ٢٠٢٥)، و بەردەوامبوونی بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی هەموو دامەزراوەکان لە پەیڕەوکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیک (ئەلیکترۆنیکردن) لە کەرتە حکومییەکان و لە وەرگرتنی پارە و پارەدانی ئەلیکترۆنی.

٤. وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان بەرپرس دەبن لە وەرگرتن و یەکلاکردنەوەی ئەو بڕە پارانەی مانگانە لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت وەردەگیرێن.

٥. زیادکردنی ئەرکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەر ئەرکەکانی ئەو لیژنەیەی لە بڕیاری (ژمارە ٨٥ی ساڵی ٢٠٢٦)دا پێکهێنراوە.

٦. وەزارەتی بازرگانی ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەو کاریگەرییە داراییەی کە لە ئەنجامی بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی مەرجەکان نایانگرێتەوە دروست بووە، و بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی ئەو وەزارەت و پارێزگایانە بکرێت کە ڕێکارەکانیان تەواو نەکردووە. هەروەها وەزارەتی دەرەوە پێشنیازی هەموارکردنی ئەحکامەکانی یاسای خزمەتگوزاری دەرەوە و پەیڕەو و ڕێنماییەکان پێشکەش بکات بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ساڵانی خزمەت لە دەرەوەی وڵات.

ئەنجومەنی وەزیران میوانداری سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی کرد بۆ ئاگاداربوون لە ڕاپۆرتی وەرزی سێیەم و چوارەمی ساڵی ٢٠٢٥ی سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق و ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دراون.

لە بواری پاڵپشتیکردنی تواناکانی سەربازیدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ دەستەی پیشەسازی جەنگی بە مەبەستی کڕینی "سیستەمی مامەڵەکردن لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" (درۆن)، لە ڕێگەی هەموارکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (ژمارە ٤٨٥ی ساڵی ٢٠٢٥).

لە کەرتی نەوتدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەند و مەرجە کۆتاییەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی واژۆکراو لە نێوان وەزارەتی نەوت (کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرا و باکوور) و کۆمپانیای شیڤڕۆنی ئەمریکی بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە ٢.



ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (٤١٥ی ساڵی ٢٠٢٥)ی هەموار کردەوە، کە پەیوەستە بە پڕۆژەکانی دارستانەکان و پشتێنەی سەوز، بۆ ئەوەی تەمویلی سیاسەتی دەستپێشخەری نیشتمانی بۆ پاڵپشتی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان بۆ پڕۆژەکانی نەمامچاندن بگرێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی سوودە کۆمەڵایەتییەکانی گرێبەستەکانی مۆڵەتی نەوت (تەراخیس)، بە مەرجێک لە (١٠٪)ی تەرخانکراوە داراییە ساڵانەکان تێنەپەڕێت، و ئەو پڕۆژانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ئەنجام بدرێن. هەروەها بەردەوامبوونی کارکردن بەو بڕگانەی پەیوەستن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دابینکردن لە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، و پڕۆژەکانی پاڵپشتی ژنان و پڕۆژەکانی سەوزکردنی ژینگە و داپۆشینی ڕووبەری سەوزایی لەناو شارەکاندا
.



ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان و تەواوکردنی ژێرخانەکان، و هەموارکردنی بڕیاری ژمارە (٨١٢ی ساڵی ٢٠٢٥)ی پەسەند کرد بۆ زیادکردنی بڕی یەدەگ و تێچووی گشتی پڕۆژەی دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگاکانی؛ بەغداد، دیوانییە، زیقار، کەربەلای پیرۆز، میسان و نەجەفی ئەشرەف
.

هەروەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای (هیۆشای - Heushai)ی تورکی بۆ بیناسازی و بونیادنانی پیشەسازی و بازرگانی، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی شاری سامەڕا، و درێژکردنەوەی ماوەکەی بۆ مەبەستی دەرکردنی نووسراوی گەرەنتی پێویست لە بانکە تایبەتمەندەکان و جێبەجێکردنی مەرجەکانی گرێبەستەکە.

هەروەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە - فەرمانگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق، پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنییەوە دیاریکراون جێبەجێ بکات، بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.

ئەنجومەنی وەزیران میوانداری سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان و سەرپەرشتیاری تیمی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی تیشکدەر کرد؛ ئەنجومەن ستایشی کاری تیمەکەی کرد و جەختی لە پاڵپشتی تەواو بۆ ئەرکەکانیان کردەوە. ئەنجومەن ڕاسپاردە پێویستەکانی پەسەند کرد بۆ تەواوکردنی کارەکانی ڕاگرتن و پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی دیاریکراون لە پیسبوونی تیشکدەر، و تەرخانکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی و تیشکدەر، هەروەها تەرخانکردنی پارچە زەوییەک بۆ ئەم مەبەستە بەپێی پێداویستییەکانی ژێرخاککردنی پاشماوە تیشکدەرەکان و بەپێی مەرجە زانستییەکان و ڕێکارەکانی سەلامەتی.

لە بواری هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا عێراقی-عەرەبییەکاندا، ئەنجومەنی وەزیران هانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە وەزارەتی گواستنەوە دا بۆ هەڵوەشاندنەوە (تەسفییەکردن)ی کۆمپانیاکانی؛ (کۆمپانیای گواستنەوەی وشکانی عێراقی-ئوردنی، کۆمپانیای عالیە بۆ گواستنەوە و بازرگانی گشتی، و کۆمپانیای عێراقی-سووری بۆ دەریاوانی) لە زووترین کاتدا، لەگەڵ ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی ڕاپۆرتی وەرزی خولیی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەکە پێشکەش بە سکرتارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بکات.



نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران

١٠ی ئازاری ٢٠٢٦




PM:09:24:10/03/2026