لە عێراقەوە هەڕەشە لە سەرۆکی سوریا دەکرێت

‌ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا

گروپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و هەڕەشە لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەکات و دەڵێت "هەر جوڵەیەکت دژی ئێمە، وەک ڕاگەیاندنی جەنگە لە دژمان".

چوار شەممە، ١١ ئادار ٢٠٢٦، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق رایگەیاند "ئەبوو محەممەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) هەر جووڵەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو خاکی لوبنان بکرێت، بە هەر پاساوێک بێت، وەک راگەیاندنی جەنگ دەبێت لەگەڵ هەموو بەرەی موقاوەمە".

گروپی موقاوەمە ئەوەشی وتوە کە "ستەمی دەسەڵاتی نوێی سوریا دەبینین و چاوەڕێی هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ دوژمن دەکەین، ئەگەر بوێریی ئەوەتان هەبێت کە سەروەریی لوبنان و گەلەکەی ببەزێنن، وادەکەین کە خاکەکەتان ببێتە گۆڕەپانێکی کراوەی شەڕ".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە کە گروپە چەکدارەکەی نزیک لە ئێران "توانیومانە زیان بە هێزەکانی ئەمریکا بگەیێنن و لە تواناماندایە رووبەڕووی جووڵەی سوریا ببنەوە، ئەگەر لە هەوڵی هێرشکردنە سەر بەرەی موقاوەمە یان حیزبوڵڵای لوبناندا بگلێن".

لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی حزبوڵای لوبنان لە باشوری وڵاتەکە. 




PM:09:33:11/03/2026