وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانییەکی قوڵی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و تێکدانی ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکان نیشاندا و ڕایگەیاند” ئەم پێشهاتانە هەڕەشەیەکی جیدین بۆ سەر ئابوری جیهانی و سەقامگیری بازاڕەکانی وزە لە ناوچەکەدا و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ململانێ سیاسی و سەربازییەکان دوربخرێتەوە.”
وەزارەتەکە هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوامی ئەم گرژیانە نەک تەنها مەترسی بۆ سەر ژیانی کارمەندانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی دروست دەکات بەڵکو کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆشی لەسەر بژێوی ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا دەبێت و عێراقیش وەک بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی وزە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و پارێزگاری لە ژێرخانی وزە بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر داڕمانێکی ئابوری.
ئەم کاردانەوەیەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بەهۆی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە ڕوبەڕوی ناسەقامگیرییەکی گەورە بووەتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا هێرشکرایە سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەروی هورمز کە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دروست کردووە.