شانەی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە دووبارەبووەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی کرد و ئەو کردەوانەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانی و هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شکۆی دەوڵەتی عێراق ناوبرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هێزانە لە چوارچێوەی ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانی تر کار دەکەن.
شانەکە هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوامی ئەم جۆرە دەستدرێژییە سیستماتیکانە دەبێتە هۆی تێکدانی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیری و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات.
هەروەها ڕایگەیاند” لایەنی دەستدرێژیکار بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانەی دەکەوێتە ئەستۆ کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ناڕەوایانە دەکەونەوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دوایین هێرشەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک و ناوچەی عکاشات ئەنجامدراون، ئەوە جگە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا قەزای سوەیرە و چەندین ناوچەی تری جیاواز لە سەرتاسەری وڵات کراونەتە ئامانج، کە ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی بازنەی ململانێکانە لە ناو خاکی عێراقدا.