وتەبێژی گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەولیا دەم" پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی هێزە بیانییەکان و ڕاوێژکارانی سەربازی لە عێراق کرد و ڕایگەیاند'' بڕیاری چوونە دەرەوەیان چیتر لە دەستی خۆیاندا نەماوە.''
ئەبو مەهدی جەعفەری ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی ئەم جەنگە تەنیا بە مووشەک نانووسرێتەوە، بەڵکو ناوی ئەو کەسانەشی تێدایە کە لە ڕیزی دوژمناندا ون دەبن و ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان نادۆزنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ناوچەکە کەوتووەتە ناو شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزییەوە.
جەعفەری جەختی کردەوە، هەندێک لە ڕاستییەکانی مەیدانی جەنگ بە شاراوەیی ماونەتەوە و تەنیا کاتێک ئاشکرا دەبن کە دۆخەکە هێمن بێتەوە، ئەو کاتە هەمووان تێدەگەن بۆچی زانیارییەکان لە کاتی خۆیدا بڵاونەکراونەتەوە.
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم کە لە دوای ڕووداوەکانی کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ەوە چالاکییەکانی چڕکردووەتەوە، بەرپرسیاریەتی چەندین هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گرتووەتە ئەستۆ.
وتەبێژی گرووپەکە دەڵێت'' ئەو هێزە بیانیانەی وەک شەڕکەر یان ڕاوێژکار هاتوونەتە ناو خاکی ئەوان، بەم زووانە بۆیان دەردەکەوێت کە گەڕانەوەیان ئاسان نییە و چارەنووسیان لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا دەبێت.''
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەبو مەهدی جەعفەری باسی لەوە کرد کە ئەوان سەبری پێویستیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە و کاتی گونجاو دەستنیشان دەکەن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر. ئەم هۆشدارییانە نیشاندەری قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییە لە عێراق و ناوچەکەدا کە ڕەنگە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەرەنجامی قورستری لێ بکەوێتەوە.