ڕاوێژکاری سودانی: لە مانگەکانی داهاتوودا ئەگەری هەیە قەرز بکەین بۆ مووچە

‌مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق


راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) لە بارەی کاریگەری داخستنی گەروی هورمز لەسەر دۆخی دارایی عیراق قسەی کردوە و دەڵێت "بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە، کاریگەرییەکان دوای نزیکەی دوو مانگی دیکە بە تەواوی دەردەکەون".

شەممە، ١٤ ئادار ٢٠٢٦، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "گرفتەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز کاریگەریی لەسەر تێکڕای ڕەوشی دارایی و ئابووریی وڵات دەبێت، بەڵام لە ئێستادا دەرناکەوێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نەوتەکە هەناردە دەکرێت و دواتر پارەکەی دەگاتە دەستمان".

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق باسی لەوە کردوە کە "بەهۆی وەستانی هەناردەکردنەوە، کاریگەرییەکان دوای نزیکەی دوو مانگی دیکە، واتە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا (مانگی پێنج و شەش) بەدەر دەکەون، پێشبینیش دەکەم بە زوویی دۆخەکە یەکلایی ببێتەوە، چونکە خەمڵاندنەکان بۆ ئەوە دەچن کە جەنگەکە لانی زۆر چوار مانگ بخایەنێت".

مەزهەر محەممەد ساڵح سەبارەت بە ڕێکارەکان کە دەگیرێنە بەر وتی "حکوومەت هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزکردن، ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و دانەوەی پابەندییە دەرەکییەکان"، هۆشداریشی دا، عێراق لەو دوو مانگەی کە ئاماژەی پێدراوە، بە قۆناغێکی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش لە بوارەکانی کرێ، مووچەی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتیدا.

یەکێک لە ڕێکارە سەرەکیەکان قەرزی ناوخۆیە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە و لەوبارەیەوە ڕاوێژکارەکەی سودانی دەڵێت "یەدەگی نەختینەیی عێراق لە دۆخێکی باشِدایە و پاڵپشتیی بەدەستهێنانی قەرزی ناوخۆیی دەکات، هەرچەندە ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت قەرزکردنەکە بەرزدەبێتەوە، بەڵام عێراق پارێزراوە و ئەگەر ئەم قەیرانە چوار بۆ پێنج مانگیش بەردەوام بێت."





PM:03:44:14/03/2026