هێرشی درۆنی بۆ سەر چوار بنکەی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەددین و خورماتوو ئەنجامدرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەددین ڕایگەیاند'' زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر چوار بنکەی جیاوازی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزاکانی خورماتوو و ئامرلی، کە تێیدا ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ئەو قەزایانە بە چڕی کراونەتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.''

 بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان یەکێک لە هێرشەکان ڕاستەوخۆ بارەگای فەوجی یەکی سەر بە لیوای ٥٢ی حەشدی پێکاوە و بەهۆیەوە ئەندامێکی ئەو هێزانە بریندار بووە، ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بکەونە حاڵەتی ئامادەباشی و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان دەستپێبکەن.

دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێست و هەواڵە فەرمییەکانیان تەنیا لە ڕێگەی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن"ی سەر بە دەستەکەیانەوە دەردەچێت و هیچ لێدوانێکی دیکە گوزارشت لە ڕای فەرمی ئەوان ناکات.


لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە کە بۆ گواستنەوەی هەر هەواڵێکی تایبەت بە حەشد تەنیا پشت بە پلاتفۆرمە باوەڕپێکراوەکانی خۆیان ببەستن، چونکە هەر لێدوانێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت تەنیا گوزارشت لە ڕای کەسیی بڵاوکەرەوەکە دەکات.






PM:09:25:14/03/2026