باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق راگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداری توند دەداتە هاوڵاتیەکانی لە عێراق و دەڵێت "دەستبەجێ عیراق بە جێبێڵن".
یەک شەممە، ١٥ ئادار ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق بڵاویکردوەتەوە گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، ناوچەی سەوزی بەغدا چەندبارە کراوەتە ئامانج و ئێستاش بە گشتی داخراوە، هەروەها هێرشی دووبارە کراوەتە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، بۆیە داوایان کردووە هاووڵاتییان بە هیچ جۆرێک هەوڵی نزیکبوونەوە لەو ناوچانە نەدەن.
لە بارەی ڕێگای بەجێ هێشتنی عێراقەوە باڵیۆزخانەکە رایگەیاندووە "ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتی بازرگانی نییە، بەڵام رێگە وشکانییەکان بۆ ئوردن و کوەیت و سعوودیە و تورکیا کراوەن، هەرچەندە پێشبینی دواکەوتنی زۆر دەکرێت لەکاتی گەشتکردن بەو رێگەیانەدا"
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، حکوومەتی ئەمریکا ئامادەیە زانیاریی پێویست بۆ بژاردەکانی رۆیشتن بە هاووڵاتییانی بدات و سەلامەتی ئەوان لە پلەی یەکەمی ئەولەویەتەکانی حکوومەتی ئەمریکادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، عێراق لە ئاستی چواری مەترسیدایە و رێنمایی ئەوە کراوە کە بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق نەکرێت.