هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا و قوربانی هەیە و هۆشداری لە مەترسییەکی گەورە دەدرێت

بەهۆی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی بەغدا ٤ کارمەندی ئەمنی عێراق برینداربوون و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هۆشداری دەدات کە ئەم هێرشانە هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی زیندانی ناوەندیی کەرخ کە زیاتر لە ٥هەزار زیندانی داعشی تێدایە".

سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٥ی ئازاری ٢٠٢٦)، ڕایگەیاند" کە چوار کارمەندی ئەمنیی عێراق بریندار بوون لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کرانە سەر دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا".

سەرچاوەکە بە (بەغدا ئەلیوم)ی ڕاگەیاندووە" هێرشەکان دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکایان لە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا کردووەتە ئامان"ج.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بریندارەکان لەو هێزانە بوون کە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەیان لەسەرە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تیمە ئەمنییەکان بەردەوامن لە کارەکانی پشکنین و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا، دوای ئەو هێرشەی کە بە موشەک و درۆن ئەنجامدرا.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردبوو، کە هێرشێکی موشەکی و درۆن دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکای لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووەتە ئامانج.

هاوکات، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند" هۆشداری دەدەین لە هێرشە دووبارەبووەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، چونکە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتیی زیندانی ناوەندیی کەرخ دەکات".

وتیشی" داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی درۆن یان موشەکی، بەهۆی ئەو ئەنجامە زۆر مەترسیدارانەی کە دەیکەوێتەوە سەر ئاسایشی زیندانەکە کە زیاتر لە ٥٠٠٠ زیندانی داعشی تێدایە".

ئەم بەئامانجگرتنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی ئەو جەنگەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا هەڵگیرساوە زیادی کردووە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا کاریگەرییە ئەمنییەکانی گەیشتووەتە ناو خاکی عێراق.



PM:09:51:15/03/2026