عێراق جێگرەوەی بۆری نەوتی هەرێم دەدۆزێتەوە و ئامادەکاری بۆ هەناردەکردن دەکات

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی چیتر بۆ هەناردەکردنی نەوت پێویستی بەو بۆرییە نەماوە کە بە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت.''

حەیان عەبدولغەنی، ئاماژەی بەوەکرد، دوای پشکنین و نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری "کەرکووک – تورکیا"، بڕیارە لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەم هێڵە ئامادە بێت بۆ کارکردن و گواستنەوەی نەوتی کەرکووک ڕاستەوخۆ بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوەکانی هەرێم و دۆزینەوەی دەرچەی نوێ لە کاتی تەنگژەکاندا.

ئەم پلانە جێگرەوەیە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە و مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بەندەرەکانی باشوورەوە تووشی ئاستەنگ بووە.

 وەزارەتی نەوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، ئاستی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکاندا کەم کردووەتەوە و تەنها جەخت لەسەر دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان دەکاتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی هێڵە جێگرەوەکانی وەک عەقەبە و بانیاس و هێڵی باکوور بەتەواوی دەکەونە گەڕ.

سەبارەت بە دۆخی وزە لە ناوخۆی وڵاتدا، وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای وەستانی هەناردە، پاڵاوگەکان بە ئەوپەڕی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنییەکانی وەک بەنزین و دیزل و غازی شل. 

عێراق خاوەنی خەزێنەیەکی ستراتیژیی گەورەیە لە غاز و بەرهەمە نەوتییەکان کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ پێداویستیی ماڵان و کەرتی پیشەسازی پڕ بکاتەوە، ئەمەش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە قەیرانی سووتەمەنی دروست نابێت.

لە کۆتاییدا وەزارەتی نەوت کار دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی بەسرە بەرەو پاڵاوگەکانی باکوور لە ڕێگەی وێستگە ستراتیژییەکانەوە، تاوەکو لەوێوە بڕێکی هاوشێوە لە نەوتی کەرکووک ئاراستەی تورکیا بکرێت.

بە تەواوبوونی پشکنینە هایدرۆستاتیکییەکانی هێڵە نوێیەکە، عێراق دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، کە ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە سەربەخۆیی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و پاراستنی داهاتی دەوڵەت لە ئەگەری داخستنی سنوورە دەریاییەکان.




PM:02:06:16/03/2026