چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێم: بۆ هەناردەی نەوت پابەندی بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵ بن

چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆربەی لایەنە شیعەکانی عێراق لەخۆدەگرێت داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بەتەواوی پابەندی سیاسەت و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێت.

 ئەم هاوپەیمانێتییە جەخت دەکاتەوە کە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و غاز دەبێت تەنها لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکاندا بێت بە شێوەیەک کە سەروەری دەوڵەتی عێراق و مافی هەموو هاووڵاتیان بپارێزێت و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخرێتە پێش هەموو جۆرە ناکۆکییەکی سیاسییەوە.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەیاننامەکانی ئەم دواییەی هەرێم لایەنە شیعەکان ڕایانگەیاند'' ئەو تۆمەتانەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئاراستەی بەغدا کراون نابنە هۆی دۆزینەوەی هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ کێشەکان.'' 

چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو زمانە وەک ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆکان دەبینێت و داوا دەکات چارەسەری ناکۆکییەکان بە گیانێکی بەرپرسانەی نیشتمانی و هاوبەش بێت نەک لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنەوە کە تەنها دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەرفەتی ڕێککەوتن کەم دەکاتەوە.

ئەم ململانێ سیاسییە لە کاتێکدایە کە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق پلانێکی نوێی ئاشکرا کردووە بۆ تێپەڕاندنی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی هەناردەکردندا. وەزارەتی نەوت کار دەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکی نۆژەنکراوەوە ڕەوانەی تورکیا بکات کە توانای هەناردەکردنی ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی هەیە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی بەغدا لە بڕیارە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ژێرخانی وزەی هەرێم.

بەم شێوەیە دۆسیەی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە کە تێیدا لایەنە شیعەکان گوشار دەخەنە سەر هەرێم بۆ تەسلیمبوونی تەواوەتی بە بڕیارەکانی ناوەند. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی فیدراڵ بە کردار هەنگاو دەنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوەی هەناردەکردن تاوەکو چیتر پرۆسەی گواستنەوەی وزە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەت و داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی دەوڵەت پارێزراو بێت.





PM:04:50:16/03/2026