سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند'' ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە پێدەچێت ئەمریکی بن، بارەگاکانی لیواکانی ١٨ و ١٩ی حەشدی شەعبیان لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج.''
ئەم هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی چوار چەکداری حەشد و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە، جگە لەوەی زیانێکی زۆری بە ژێرخانی سەربازیی ناوچەکە گەیاندووە.
بۆردومانەکە هێندە بەهێز بووە کە بووەتە هۆی پچڕانی تەواوی ڕێگاکانی هاتووچۆ بەرەو شوێنی ڕووداوەکە و ڕێگری لە جوڵەی ئۆتۆمبێلەکان کردووە.
هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ ناوچەکەیان گەمارۆ داوە، لە کاتێکدا مەترسیی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان و فڕینی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچە سنوورییەکاندا دڵەڕاوکێی لای هێزە چەکدارەکان دروست کردووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و ناوچە جیاوازەکانی تری عێراق بەردەوام دەکرێنە ئامانج. تاران و گرووپە چەکدارەکان ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە ئەنقەست هێزەکانیان دەپێکێت بۆ لاوازکردنی پێگەیان لەسەر سنووری سووریا و عێراق.