سەرکردەی باڵای کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی ئەبو عەلی عەسکەری وەک یەکێک لە دیارترین ئەو کەسایەتییانە دەردەکەوێت کە واشنتۆن وەک مەترسییەکی ستراتیژی سەیری دەکرد، عەسکەری کە بە "قوفڵ و کلیل"ی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵای عێراق دادەنرێت، تەنها فەرماندەیەکی مەیدانی نەبووە، بەڵکو داڕێژەری سەرەکیی ئەو هێرشانە بووە کە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
ئەبو عەلی عەسکەری، ناوی ڕاستەقینەی (حسێن فەلاح مەلحانی)یە، بەرپرسی نووسینگەی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵایە. ئەو بەوە ناسراوە کە کەمترین دەرکەوتنی میدیایی هەبوە و زۆرترین کاریگەری لەسەر بڕیارە هەستیارەکان هەبوە. وەک ئەندامێکی باڵای ئەنجومەنی شورای گروپەکە، عەسکەری پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی ئێران هەبووە و هەماهەنگکاری سەرەکیی نێوان گروپە چەکدارەکان بووە.
بۆ هەرێمی کوردستان، ناوی عەسکەری گرێدراوی چەندین هێرشی درۆنی و موشەکییە. بەپێی بەدواداچوونە ئەمنییەکان، ناوبراو ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە:
ئامانجکردنی ژێرخانی وزە: سەرپەرشتیکردنی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و کێڵگە نەوتییەکان بە مەبەستی دروستکردنی فشاری ئابووری لەسەر هەولێر.
هێرشەکانی سەر هەولێر: دابینکردنی پشتگیری لۆجستی و تەکنەلۆژیای درۆن بۆ ئەو گروپانەی کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان کردووەتە ئامانج.
شەڕی دەروونی و میدیایی: عەسکەری لەڕێگەی پەیامە توندەکانیەوە لە تێلیگرام، بەردەوام هەرێمی کوردستانی بە "پەناگەی بیانییەکان" تۆمەتبار دەکرد، ئەمەش وەک پاساوێک بۆ ڕەوادان بە هێرشە سەربازییەکان بەکاردەهێنرا.
پنتاگۆن عەسکەری بە بەرپرسیاری یەکەمی داڕشتنی پلانەکانی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دەزانێت. ئەو وەک "وتەبێژی نافەرمی" بەڵام خاوەن بڕیاری کەتائیب، هەمیشە هەڕەشەی توندی لە بەرپرسانی ئەمریکی کردووە و داوای کشانەوەی یەکجاری هێزە بیانییەکانی لە عێراق کردووە.
ئەم شەو، ١٦ ئادار ٢٠٢٦، حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هەواڵی کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند " هەواڵی شەهیدبوونی حاجی ئەبو عەلی عەسکەری رادەگەیەنین، ئەو پردێکی پەیوەندی بوو لە نێوان مەیدانەکانی قوربانیدان و سەکۆکانی گەیاندنی راستی بە وشەکانی".
بەرەی مقاوەمە لە دوای کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری یەکێک لە شارەزاترین سەرکردە ئەمنی و هەماهەنگکارە سیاسییەکانی لەدەست دەدات.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەم بەرپرسی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە دەکوژرێت، رۆژی شەممە، ١٣ ئادار ٢٠٢٦ ئەبو عەلی عامری، راوێژکاری باڵا لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵێک لە کەڕادەی بەغدا کوژرا.
تاوەکو ئێستا کەتیبەکانی حیزبوڵڵا شوێن و شێوازی کوژرانی ئەو بەرپرسەیان بە وردی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چەند رۆژێکە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە زۆربەی شارەکانی عێراق بۆردوومان دەکرێت، تەنیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنبار سێ جار هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران.