ئاژانسی الترا، ئاماژە بە کشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لە بەشێک لە بارەگا و خاڵە سنوورییەکانی قەزای قائیم دەکات.
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار ڕایگەیاند” نیوەشەوی ڕابردوو هێزەکانی سوپا لەو بارەگایانەی کە هاوسێی بارەگاکانی حەشد بوون لە ناوچەی قائیم کشاونەتەوە.”
ئەم کشانەوەیە هێزەکانی فیرقەی حەوتی سوپا، هێزەکانی کاروباری بازگەکانی قائیم و هێزەکانی هەواڵگری سوپا لە بازگەی "جباب"ی گرتووەتەوە، بێ ئەوەی هۆکارە فەرمییەکانی پشت ئەو جووڵە سەربازییە ئاشکرا بکرێن.
هاوکات پرۆسەی کشانەوەکە بازگەکانی وەک "شەهید حەیدەر" و "ڕۆمانە"شی گرتووەتەوە، کە ناوچەی ستراتیژین لەسەر سنوور. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "ئەڵترا عێراق"، لە ئێستادا تەنها لیوای ١٣ی حەشدی شەعبی لەو شوێن و بازگانەدا ماوەتەوە و بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و جێگیربوونی خۆی، ئەمەش گۆڕانکاری لە دابەشکاریی هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچە سنوورییە هەستیارە نیشان دەدات.
ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئەنبار بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و پرسی هەناردەی وزە، گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. چاودێران پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگە پەیوەندی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکان یان پلانێکی ئەمنی نوێوە هەبێت بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.