ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژەکانی پشووی جەژنی راگەیاند

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا رۆژەکانی پشووی جەژن دیاریکرا کە ٦ رۆژ پشوو دەبێت. 

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتی یازدەهەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات و بڕگەکانی بەرنامەی کار کرا و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە درا.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە هەر هێرشێکی بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان و کونسوڵخانەکان ڕەتکردەوە و بە کردەوەی تیرۆرستی زانی کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشە.

ئەوەش هاتووە "ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٦ پشووی فەرمی دەستپێبکات تا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٦، و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە".

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ئەوەی وەزارەتی دارایی پارە نۆ دەزگای دژە تیرۆر دابین بکات سەبارەت بە کارەکانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پسپۆڕان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تایبەت بە لێپێچینەوە و چاکسازی و ئاوێتەکردنەوەی گەڕاوەکان، بە هاوکاری لەگەڵ نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی ژێرخانی کەرتی نەوت نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکرد بۆ بەدەرکردنی پڕۆژەکانی کۆمپانیای بۆری نەوت، کە تایبەت بە ڕادەستکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان بۆ ئەو بەرهەمانە، لە بەرژەوەندی گشتیدا.

دەقی راگەیەندراوەکە:

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکایەتی یازدەهەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

••••••••

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتی یازدەهەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات و بڕگەکانی بەرنامەی کار کرا و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە درا.

ئەنجومەنەکە پێداچوونەوەی بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییە کرد و ئیدانەی هێرشە خیانەتکارەکانی سەر هێزە ئەمنییەکانمانی کرد کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک قارەمان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی شەهید بوون، هەروەها ئەنجومەنەکە هەر هێرشێکی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان و کونسوڵخانەکان ڕەتکردەوە و بە کردەوەی تیرۆرستی زانی کە ئامانج لێی تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئاسایشەیە کە لە ڕێگەی قوربانیدانی هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمانەوە بەدەست هاتووە و پشتگیری خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکان دووپاتکردەوە لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.

ئەنجومەنی وەزیران درێژەی بە گفتوگۆکانی دا و بەبۆنەی پشووی داهاتووی جەژنی ڕەمەزانەوە، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٦ پشووی فەرمی دەستپێبکات تا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٦، و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە ڕێکارەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان کرد، هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی عەقڵانیکردنی ئابووری کردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ئەوەی وەزارەتی دارایی پارە نۆ دەزگای دژە تیرۆر دابین بکات سەبارەت بە کارەکانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پسپۆڕان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تایبەت بە لێپێچینەوە و چاکسازی و ئاوێتەکردنەوەی گەڕاوەکان، بە هاوکاری لەگەڵ نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

سەبارەت بە پڕۆژەکانی ژێرخانی کەرتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکرد بح بەدەرکردنی پڕۆژەکانی کۆمپانیای بۆری نەوت، وەک ئەوەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی پێکردووە، لە بڕیاری (١١٢٨ی ساڵی ٢٠٢٥)ی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە ڕادەستکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان بۆ ئەو بەرهەمانە، لە بەرژەوەندی گشتیدا.

ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەرکردنی دروستکردنی کۆمەڵەیەک بۆ فەرمانگەکانی داد لە پارێزگای نەینەوا لە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (٤٢١ی ساڵی ٢٠٢٥و ٣ی ساڵی ٢٠٢٦)، بە تایبەتی بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە دیوی ڕاستی موسڵ.

•••••
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦




PM:09:33:17/03/2026