سەباح نوعمان: بە ئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند" ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی تر گرووپە لە یاسا دەرچووەکان باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغداد کردە ئامانج، ئەم کارە ئیدانەکراوە لە لایەن دەوڵەتەوە و کردەوەیەکی ئاشکرای تیرۆریستییە دژ بە سەروەری و شکۆی عێراق دەکات". 

سەباح نوعمان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەئامانجکردنی بارەگای نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، کارێکی نابەرپرسانەیە و پێشێلکارییەکی مەترسیداری ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانە و عێراق دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش وادەکات ڕێوشوێنەکان هەڕشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و گەلەکەمان دروست بکەن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوابەدوای ئەم هێرشە تاوانکارییە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، جەخت لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خۆی بۆ دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە، کە سازش نەکەن لە بەرپرسیارێتی خۆیاندا بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دووپاتی کردەوە،  کە هیچ دوودڵی و پاشەکشەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر لایەنێکدا نابێت کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بدات، یان چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی خۆی بەکاربهێنێت.



PM:11:15:17/03/2026