جێگرە شیعەکەی سەرۆکی پەرلەمان هێرشێکی قورس دەکاتە سەر هەرێم



جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە شیعە لە راگەیاندنێکدا هێرشێکی توند دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و، دەڵێت " ڕێگە نادەین سەرپێچییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سەرچاوە فیدراڵییەکان بەردەوام بێت".

لەو راگەیاندنەدا کە رۆژی چوار شەممە ١٨ ی ئازار بڵاویکردۆتەوە عەدنان قەبحان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان
دەڵێت " حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا سەرپێچی گەورەی بەرامبەر سەرچاوە فیدراڵییەکان ئەنجامداوە، کە خۆی لە هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی دەبینێتەوە، داواشی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد ڕۆڵی دامەزراوەیی خۆی بگێڕێت لە تۆمارکردنی داوا یاساییەکان لەمبارەیەوە".

لە بارەی "سەرپێچییەکانەوە” زیاتر دەڵێت " ڕێگە نادەین بە ئاسانی تێپەڕێت و ئەنجومەنی نوێنەران چاودێری ئەم دۆسیە دەکات و هەڵوێستێکی توند لە بودجەی داهاتووی تایبەت بە هەرێم وەردەگرێت، بە جۆرێک کە گەرەنتی گەڕانەوەی تەواوی مافەکانی عێراقییەکان بکات و سنوورێکی کۆتایی بۆ هەر جۆرە سەرپێچییەک یان دەور لێدانەوەیەک لە پابەندبوونە دەستوورییەکان دابنێت". 

عەدنان قەبحان ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان ڕادەسپێردرێت بۆ بەدواداچوونی ڕێڕەوی داوا یاساییەکان کە لە دژی هەرێم تۆمارکراون و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی دواکەوتنی یەکلاکردنەوەیان، بە مەبەستی پاراستنی سامانی گەل و ڕێگریکردن لە دەستدرێژی بۆ سەری.

لەبارەی یاسای بودجەی نوێوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت" بودجەی داهاتوو دەبێتە وادەی لێپرسینەوە لەگەڵ کوردستان، بەبێ ئەوەی دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکرێت." 




PM:03:23:18/03/2026