لە هێرشێکی ئاسمانی نوێدا بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین دوو چەکدار کوژران و چەند چەکدارێکی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشێکدایە کە ناوچە جیاوازەکانی عێراقی گرتووەتەوە.
فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند” بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەوجی چواری لیوای ٣٠ لە ناوچەی دەشتەکانی نەینەوا کەوتووەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی کتوپڕ.” کە بە وتەی ئەوان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکییەکانەو ئەنجام دراوە.
ئەم بۆردومانە دەستبەجێ بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەکدارێکی ناو فەوجەکە و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، کە دواتر تیمە فریاگوزارییەکان گواستوویاننەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
ئەم هێرشەی سەر نەینەوا لە کاتێکدایە کە تەنها چەند کاتژمێرێک پێشتر، چەند پێگەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە تایبەت لە ناحیەی بەیجی و دەوروبەری فڕۆکەخانەی ئەلسینیە، بە هەمان شێوە کرابوونە ئامانج بە هۆیەوە چەکدارێک کوژرا
دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە لە ماوەیەکی کورتدا نیشانەی توندبوونەوەی گرژییە ئەمنییەکانە لە ناوچەکە، کە تێیدا پێگە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی لە چەندین پارێزگای جیاواز ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبەن.