نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندراوێكی سەبارەت بە سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی و کۆبونەوەی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە بڵاوکردوەتەوە.
پێنج شەممە، ١٩ ئادار ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەم هێزە وەک "پێکهاتەیەکی سەرەکیی ناو سیستەمی ئەمنی"کە لە ژێر چەتری دەستوور و یاسادا کار دەکات و پابەندی فەرمانە باڵاکانە دەربڕی ،بۆیە "هەر تۆمەتێک بۆ ناوزەندکردنی حەشد وەک هێزێکی دەرەوەی یاسا، چەواشەکارییە".
هەر بە پێی راگەیاندراوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە "رۆڵی مێژوویی حەشد کردەوە لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق لە دوای فەتوای مەرجەعییەت"، هەروەها "بڕیاری دا زەوی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی کوژراوان و بریندارانی حەشد دابین بکرێت، وەک کەمترین مافی یاساییان".
لە ناوەرۆکی کۆبونەوەکەدا سودانی باسی لەوەش کردوە کە "حکومەت چیدیکە بەرگەی لێدانی هێرش و بە ئامانجگرتنی هیچ ئەندامێکی حەشدی شەعبی و هەر ئەندامێکی دیکەی هێزە چەکدارەکان ناگرێت".
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە عیراقیەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراوە.