کەناڵ ٢٤ ئیسرائیل: عیراق لەوە نزیک دەبێتەوە ببێتە لوبنان


لە راپۆرتێکی کەناڵ ٢٤ ئیسرائیلدا باس لەو هێرشانە کراوە کە بە هۆی "گروپە میلیشیاکانەوە" کراوەتە سەر عیراق و تیایدا هاتووە "عێراق لەوە نزیك دەبێتەوە، ببێتە دەوڵەتێكی هاوشێوەی لبنان، لەبری ئەوە تەنگژە كۆنترۆڵ بكات، ئەوا تەنگژەكە بەڕێوە دەبات".

کەناڵ ٢٤ ئیسرائیل، پێنج شەممە، ١٩ ئادار ٢٠٢٦،  لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە  هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و شاندە دیپلۆماسییەكان لە عیراق دەکات و لە بەرامبەردا ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ئەو گروپانە، کەناڵەکە رایگەیاند "تەنیا لە بەغداد ٢٠ جار و  لە پارێزگاكانی تریش ٤٦ جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ئەو گروپە میلیشیایانە، لە بەرامبەردا میلیشیاکان ٤٠٠ هێرشیان ئەنجام داوە".

كەناڵە ئیسرائیلیەکە ئاماژەی بەوەکردوە  حكومەتی سوودانی بێ دەسەڵاتە و ناتوانێ‌ هیچ شتێك لەو میلیشیایانە بكات، بۆیە "چاودێریان پێیان وایە عێراق لە نموونەی دەوڵەتێكی لاواز دەبێت هاوشێوەی لوبنان كە ناتوانێ‌ بەسەر تەنگژە زاڵ بێت".

"لە ٢٠  رۆژی رابردوودا میلیشیاكانی سەربە ئێران هێرشیان کردوەتە سەر هەموو داودەزگاكانی دەوڵەت و شاندە دیپلۆماسییەكان"، کەناڵ ٢٤ ئیسرائیلی وا دەڵێت. 

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان،  ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە




AM:12:52:20/03/2026