دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی دیجلە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتەوە.
لە کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانی پشتەوەی لیوای ١٥ی حەشدی شەعبیان لەو ناوچەیە کردووەتە ئامانج، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هێرشەکە هیچ قوربانییەکی مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە.
سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، دەستەی حەشدی شەعبی جەخت لەسەر بەردەوامی ئەرکەکانیان دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و سەروەری خاکی وڵات و ڕایانگەیاندووە کە ئەم جۆرە کارانە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ساردیان ناکاتەوە.