سودانی: عێراق دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان واشنتۆن و تاران

 سەرۆک وەزیرانی عێراق دووشەممە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٦، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "کوریێری دیلا سیرا"ی ئیتاڵی، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەهۆی هەبوونی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و باش لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا، لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیرێکی کاریگەر بگێڕێت بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسی شەڕی گشتگیر.

محەمەد شیاع سودانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و پەرەسەندنی ململانێکان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئابووری جیهانی و دامەزراوەکانی وزە، هەربۆیە عێراق هەوڵ دەدات خۆی لە هەر کێشەیەکی سەربازی بەدوور بگرێت و ڕێگە نەدات خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حساباتی نێوان زلهێزەکان. ناوبراو نیگەرانی خۆی لە پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکە و موشەکەکانی هەردوولاوە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانیانە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سودانی باسی لە کشانەوەی هێزە بیانییەکان کرد و ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانان، لە ئەیلولی ٢٠٢٦ کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەهێنرێت، هاوکات ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر حەشدی شەعبی کرد و جەختی کردەوە کە تەنها ڕێگەی گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا، چارەسەرکردنی ڕیشەیی پرسی فەلەستین و وەستاندنی ئەو کارەساتانەیە کە ئیسرائیل دروستیان دەکات.




PM:05:06:23/03/2026