حەشدی شەعبی: ١٥ چەکدارمان لە ئەنبار کوژران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی چڕی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، سەعد بەعێجی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو هێزە و ١٤ چەکداری دیکە کوژران و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بریندار بوون.

دەستەی حەشدی شەعبی بە فەرمی ناوی کوژراوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند'' جگە لەو ١٥ کەسەی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٢٠ چەکداری دیکەیان بریندارن و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئەنبار.''

 لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا لە ژێر داروپەردووی بارەگا تێکدراوەکەدا بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن.

بڕیار وایە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر ١١:٠٠ لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە شاری بەغدا تەرمی کوژراوەکان بە خاک بسپێردرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باری تەندروستی بەشێک لە بریندارەکان بە ناجێگیر وەسف دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر ببێتەوە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە و بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، خاکی عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و هێرشی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی یەکتر.




AM:10:32:24/03/2026