سودانی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکات

محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ٣٠ چەکدار، فەرمانی بە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات کرد بۆ تاوتێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی رایگەیاند'' هێرشە ئاسمانییەکە کەرتەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی حەبانییە کردووەتە ئامانج و تێیدا ١٥ چەکدار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.''

 وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەم جۆرە "دوژمنکارییانە" تەنیا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ئەنجام دەدرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم هێرشە نەک هەر ئیرادەی هێزە چەکدارەکان لاواز ناکات، بەڵکو یەکڕیزی و تەبایی نێوان پێکهاتە و مەزهەبە جیاوازەکان بەهێزتر دەکات، چونکە خوێنی هێزە نیشتمانییەکان لەسەرجەم یەکەکاندا لە پێناو پاراستنی خاکی عێراق تێکەڵ بە یەکتر بووە.

پێشتر سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردبوو کە لە نێو کوژراوەکانی هێرشەکەی سەر ناوچەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لەو پارێزگایە و چەند فەرماندەیەکی باڵای دیکەی تێدایە، ئەمەش وایکردووە حکومەتی عێراق بە وردی بەدوای سەرچاوە و لێکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم بۆردوومانەدا بچێت.




PM:12:09:24/03/2026