سودانی: دەسەڵات بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدرێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک


ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا کە تێیدا بڕیاری گرنگ درابوو، بڕیاریدا دەسەڵات بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و ڕێکخراوە ئەمنییەکان بدات بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە بە ڕایگەیاند" محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد، کە لەمیانەی پێشهاتەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان بۆ عێراق پێداچوونەوەیان بۆ کرا".

جەختیشی کردەوە، " حکومەت بە دەسەڵاتی خۆی و بەپێی دەستوور، تاکە کەسە دەسەڵاتی بڕیاردانی سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی هەیە و ڕێگە بە هیچ لایەنێک یان تاکێک نادات ئەو مافە قۆرخ بکات، هەروەها ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەر لایەنێک کە ئەمە پێشێل بکات".

ئەنجومەنەکە دووپاتیکردەوە "هەڵوێستی پتەوی حکومەت لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان، ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی، بەئامانجگرتنی سەروەری وڵاتان، هەڕەشەی گۆڕینی ڕژێمەکانیان، و تێکدانی تواناکانیان"، هاوکات جەختی لەسەر سیاسەتی هاوسەنگ کردەوە بۆ دامەزراندنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ ژینگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ناوچە ناکۆکی و جەنگییەکان.

جەختیشی لەوە کردەوە کە " خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بە پێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکەن، لەوانەش هێزەکانی حەشدی شەعبی کە یەکێک لە پایەکانی سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیمان پێکدەهێنن، داوا لە هەموو لایەک دەکات ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ئەمنییانە بپارێزن و ڕێگە نەدەن هیچ دامەزراوە و لایەنێک لەم ڕێکخراوەدا لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا مامەڵە بکەن".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە "لە ژێر ڕۆشنایی هێرشە ناڕەواکان و پێشێلکارییە جددیەکانی سەروەری عێراق و بە ئامانجگرتنی پۆستە ئەمنییە فەرمییەکان، ئەنجومەن بڕیاریدا بە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ئەنجام دەدرێن بۆسەر پۆستە ئەمنییە فەرمییەکان و پێکهاتەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و باقی هێزە چەکدارەکانمان ،و  بە هەموو ڕێگەیەکی مومکین، بەپێی پرەنسیپی مافی وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لە خۆ، بەرپەرچیان بدەنەوە".

هەروەها ئەنجومەن بڕیاریدا " ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە بەشدارن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ئاشکراکردنی ئەو دامەزراوانەی کە سەر بە خۆیانن، ڕێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر و فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچووە جێبەجێبکەن، هەروەها سەرکردەکان بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆ بگرن لە بەرامبەر هەر دواکەوتنێک یان دواخستنێک، هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ کەسێک لە جێبەجێکردنی یاساکە بێبەری نییە".

ئەنجومەنەکە ڕێککەوت لەسەر ئەوەی کە " وەزارەتی دەرەوە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە هەر کردەیەکی دەستدرێژیکارانە و دەرئەنجامەکانی، داوای ڕاگرتنی و ئیدانەکردنی، هەروەها بانگهێشتکردنی بەرپرسی کاروباری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزی ئێران بۆ پێشکەشکردنی یاداشتێکی فەرمی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو هێرشانەی کە بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیکە کردووەتە ئامانج و هەروەها هێرش بۆسەر بارەگاکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان (پێشمەرگە) لە هەولێر".




PM:10:11:24/03/2026