دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق بڕیاریدا داخستنی ئاسمانی وڵات بۆ هەموو گەشتەکان درێژ بکاتەوە، وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بەرانبەر گرژییەکانی ناوچەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی، بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ هەموو فڕۆکە هاتوو، ڕۆیشتوو و ترانزێتییەکان لە سەعات ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی شەممە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە دراوە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی گۆڕانکارییەکان دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە دەکرێت و هێڵە ئاسمانییەکانیش لە هەر نوێکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.
داخستنی ئاسمانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پەیوەستە بەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە دەستیپێکردووە، کاتێک هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تا ئێستاش هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی ئاسمانی لە ناوچەکەدا بوونی نییە.