وڵاتانی، کوێت، ئیمارات، بەحرێن،
سعودیە، قەتەر و ئوردن لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا داوا لە عیراق دەکەن رێکاری
پێویست بگرێتە بەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی لە خاکەکەیەوە دەکرێتە سەریان.
چوار
شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی ئەو ٦ وڵاتەدا هاتووە جارێکی دیکە بە توندترین شێوە هێرشە ئاشکراکانی ئێرانیان
شەرمەزار کرد، کە بە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەیان و یاسا
نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان
دادەنرێت، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی بریکارەکانی و ئەو گرووپە
چەکدارانەی لە ناوچەکەدا پاڵپشتییان دەکات.
لە راگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتانە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ
عێراق بەرز نرخاند و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ
ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان،
میلیشیاکانەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش لەپێناو پاراستنی پەیوەندییە پێکەوەیەکانیان
و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
لە وەڵامی ئەم
راگەیێندراوەدا، ئەبو مەهدی جەعفەری وتەبێژی سەرایا ئەولیا دەم رایگەیاند "هێرشەکانمان
تەنیا بۆ سەر ئەمریکایە لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن، نیەتی ئەمریکا بۆ بڵاوکردنەوەی
پێنج هەزار سەربازی دیکە لە ناوچەکەدا، وادەکات هێرشەکانیان لە هەر وڵاتێک بن،
چڕتر بکەنەوە".
وتەبێژی
سەرایا ئەولیا دەم تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە
سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگریی عێراق، "لەو بنکە سەربازییانەوە
دەستپێدەکەن کە لە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن جێگیر کراون."
راگەیاندراوی ئەو ٦ وڵاتە لە کاتێکدایە کە میلیشیا عێراقیەکان لە دوای
دروستبوونی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی
عەرەبی سونە زیادی کردوە.