باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلە دەدات

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و داوای لێکردن بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنییەوە، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق ئەنجام نەدەن. 

باڵیۆزخانەکە جەختی لەوە کردەوە ئەو کەسانەی لە ئێستادا لەناو خاکی عێراقدان، پێویستە بە زووترین کات وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی هەڕەشەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاووڵاتیانی ئەمریکی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هۆکاری ئەم بڕیارە کتوپڕە بۆ زیادبوونی هێرشی درۆن و موشەکی دەگەڕێتەوە کە ناوەندە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی وزە و فڕۆکەخانە بازرگانییەکانی کردووەتە ئامانج. باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەترسی ڕفاندنی هاووڵاتیانی بیانی لە ئارادایە، هەربۆیە داوا لە ئەمریکییەکان کراوە لە گردبوونەوەکان دووربکەونەوە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن، چونکە خزمەتگوزارییە ئاساییەکانی وەک پێدانی ڤیزا بە تەواوی ڕاگیراون.

لەبەر ئەوەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە ناوخۆی عێراقدا ڕاگیراون، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕێنمایی هاووڵاتیانی کردووە کە لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی وەک ئوردن، کوەیت، سعوودیە و تورکیاوە خاکەکە جێبهێڵن. هەروەها داوای لێکردوون کە بڕی پێویستی خواردن و دەرمان بۆ ماوەیەکی کاتی کۆبکەنەوە و بە تەواوی پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بن تا ئەو کاتەی بە سەلامەتی دەگەنە دەرەوەی سنوورەکان.




AM:10:50:26/03/2026