وەزارەتی بەرگری تورکیا: هێزەکانمان لە بەغداد کشاندەوە


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وەزارەتی بەرگری تورکیا سەبارەت بە کشاندنەوەی سەربازەکانیان لە بەغداد ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی بڕیاری ناتۆ بۆ کشانەوەی نێردەکەی لە عێراق، هێزەکانی سوپای تورکیا لە "بەغدای پایتەخت کشانەوە و بە سەرکەوتوویی گەڕاونەتەوە" بۆ وڵاتەکەیان و لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی تورکیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیەکانی لە عێراق. 

پێنج شەممە، ٢٦ ئادار ٢٠٢٦، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند "لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەرپرسانی ناتۆ بڕیاریان دا بە کشانەوەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، کە بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو هێزانەی سوپای تورکیا کە لەنێو نێردەکەی ناتۆدا لە بەغداد ئەرکیان رادەپەڕاند، کشاونەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا".

هەر ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا رگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە عێراق و  رایگەیاند "دۆخی ئەمنی لە عێراق بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەژێر کاریگەریی پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدایە، بۆیە ئامۆژگاری هاووڵاتییانمان دەکەین، خۆیان لە گۆڕەپانە قەرەباڵغەکان، شوێنی کۆبوونەوەکان و ناوچە نیشتەجێبوونە مەدەنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بپارێزن".

باڵیۆزخانەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ـەوە هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق داخراون، بەڵام رێگەی وشکانی و دەروازەی سنووریی "ئیبراهیم خەلیل" هێشتا کراوەیە و هاووڵاتییان دەتوانن بە رەچاوکردنی بارودۆخی ئەمنی بە وشکانی بگەڕێنەوە.

لە کۆتاییدا، باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کردووە کە لەم ماوەیەدا بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق ئەنجام نەدەن مەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست بێت.




PM:02:21:26/03/2026