سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند" رەفتارەکانی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان و هەوڵدانیان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لەبارەی شەڕ و ئاشتی، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی پشێویی یاسایی و ئەمنی".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە شەوی رابردوو ٢٦ ی ئادار بڵاوکرایەوە، فایەق زەیدان رایگەیاند" بە کردار ڕاگەیاندنی باری جەنگ لە لایەن ئەم گروپە چەکدارانەوە لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکیی جەنگییەوە، بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوور دادەنرێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت دەکاتەوە" مافی راگەیاندنی شەڕ تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییە شەرعییەکاندایە، کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل دەکەن و لە چوارچێوەیەکی یاسایی ڕێکخراودا کار دەکەن".
ئەو پێوایە " کاتێک هەندێک لە گروپەکان بڕیاری لەو شێوەیە دەدەن، شکۆی دەوڵەت لاواز دەکەن و بنەمای سەروەریی یاسا دادەڕمێنن."
ئەوە لە کاتێکدایە کە میلیشایاکانی سەر بە ئێران نەک تەنها شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیلیان راگەیاندووە، بەڵکو هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداویش دەکەن.