هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند'' ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە ڕێگەی سێ هێرشی ئاسمانییەوە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە پارێزگای کەرکوک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ چەکداریان کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.''
حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ئەو هێرشانەی بۆ سەر بارەگاکەی لە کەرکوک خستە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتێکدا ئەمە تەنها هێرش نەبووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک بۆردومانی هاوشێوە بارەگاکانی حەشدی لە پارێزگای ئەنبار کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان کەس لە فەرماندە و چەکدارەکانیان بوونەتە قوربانی.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گروپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا گروپە چەکدارەکان بنکەی ڤیکتۆریای ئەمریکییان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد بۆردومان کردووە و ئەمەش مەترسی فراوانبوونی مەیدانی جەنگ لەناو خاکی عێراقدا زیاتر دەکات.