هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق، کۆبوەوە و لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، چوار شەممە، ١ نیسانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
لە دوای کۆبونەوەکە هاوپەیمانییەکە رایگەیاند "عێراق مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی خۆی، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە رێگە نادەن خاک و ئاسمان و ئاوی عێراق بکرێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ".
سەبارەت بە سەرکۆنەی هێرشەکان لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، نێردە دیپلۆماسییەکان، هێزە ئەمنییەکان و بنکە گرنگەکان لە بەغدا، بەسرە، واست، موسڵ، ئەنبار، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە و پشتیوانیی خۆمان بۆ رێکارە حکومی و دادوەرییەکان دەردەبڕین بۆ چەسپاندنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی وتاری تووندوتیژی".
لە بارەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "جەختی لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە بڕیاردرا رۆژی ١١ نیسانی ٢٠٢٦، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلانی ئێران و لوبنان دەربڕی "لەو دۆخە سەختەی تێیدان و داوای راگرتنی خێرای هێرشەکان دەکات، هەروەها ستایشی هەڵوێستی گەلی عێراقی دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و براکانیان بەدەم بانگەوازەکەی مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف".