باڵوێزخانەی ئەمریکاوە: لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا هێرش و ڕفاندن لە بەغداد زیاد دەکات

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند'' لە ٢٤ تا ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا، مەترسیی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و ڕفاندن دژ بە هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی شاری بەغداد بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەدەسێنێت.''

باڵوێزخانەکە ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە پشتی ئەم پلانانەوەن و هۆشداریشی داوە کە ڕەنگە ئەو گروپە چەکدارانە پەیوەندییان بە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقیشەوە هەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێکچوونی باری ئەمنی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لە ناو جەرگەی پایتەختدا.

ئەم هۆشدارییە توندەی باڵوێزخانە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو پێشبینی دەکرا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەواڵ ڕاگرتنی شەڕ ڕابگەیەنێت بەڵام بە پێچەوانەوە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیی تونددا ڕایگەیاند'' ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی ڕژێمی ئێران لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا دەگاتە لووتکە و جەختی کردەوە کە "کارەکە زۆر بە خێرایی تەواو دەکەن."




AM:10:16:02/04/2026