وەزارەتی نەوتی عێراق: پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ڕەش لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ وڵاتی سووریا دەستی پێکردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند'' بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی داهات، دەستیان کردووە بە هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر لە ڕێگەی خاکی سووریاوە بۆ تێرمیناڵەکانی جیهان.''

ئەمەش وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە لە کاتێکدا کە گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران داخراوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەماهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنی سووریا هەیە بۆ گواستنەوەی سەلامەتی نەوتەکە و پلانەکە بەو شێوەیەیە کە قۆناغ بە قۆناغ قەبارەی هەناردەکراو زیاد بکرێت، هاوکات کۆمپانیای (سۆمۆ) خەریکی پێداچوونەوەیە بە ئۆفەری چەندین کۆمپانیای کەشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ فراوانکردنی بژاردەکانی هەناردەکردن لە دەروازە سنوورییەکانی باشوورەوە.

لە لایەکی دیکەوە، باسم محەمەد بریکاری وەزیری نەوت ڕایگەیاند'' هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە ڕێژەی ١٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکردووە و پلانیان هەیە بیگەیەننە ٢٥٠ هەزار بەرمیل.''

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بەغدا و هەولێر لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی ڕێککەوتن.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی عێراق وەک هەوڵێکی خێرا دەبینرێن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی دارایی، چونکە پشتبەستن بە گەرووی هورمز لەم بارودۆخە جەنگییەدا مەترسی گەورەی لەسەر داهاتی وڵات دروست کردووە، بۆیە کردنەوەی ڕێگەی سووریا و کاراکردنەوەی بۆری جەیهان وەک دوو دەرچەی ستراتیژی گرنگ سەیر دەکرێن.



AM:11:46:02/04/2026