گروپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق، لە راگەیاندراوێکدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە سزای وڵاتی ئوردن بدات و چیتر نەوت بۆ ئەو وڵاتەهەناردە نەکات، چونکە "ئەو فڕۆکانەی حەشدی شەعبی بۆردومان دەکەن، لەو وڵاتەوە دەفڕن".
پێنج شەممە، ٢ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین کاردانەوەیەکی تووندی هەبێت بەرامبەر بە ئوردن و سزای بدات، بەوپێیەی لە ئوردنەوە ئەو فڕۆکانە دەفڕن کە لە عێراق هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەو گروپە ئوردن، سعودیە، ئیمارات بە پاڵپشتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمەتبار دەکات.
گرووپی موقاوەمە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە "دەروازەی وشکانی لەگەڵ ئوردن بەتەواوی دابخرێت و هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە رابگرێت".
عێراق دەروازەی وشکانی ترێبیلی لە سنووری ئەنبار لەگەڵ ئوردن هەیە و لە رێگەیەوە نەوتی کەرکووک بە تانکەر هەناردەی ئەو وڵاتە دەکات.