دوایین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لە سەردەمی سەدام حوسێن، تاهیر جەلیل حەبوش گیان لە دەستدەدات، بڕیاربوو لە تکریت شوێنێ لە دایکبوونی بنێژرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقە دەنگۆی ئەوە هەیە لە هەولێر بنێژرێت و هەر لەوێش پرسەی بۆ دادەنرێت.
هەرچەندە تا ئێستا زانیاری جیاجیا لەسەر هەواڵی شوێنێ مردنی تاهیر جەلیل حەبوش سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لە سەردەمی سەدام حوسێن بڵاوکراوەتەوە، هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دەرەوەی مردووەو وەسیەتیکردووە لە شوێنی لە دایکبوونی لە تکریت بنێژرێت و هێنراوەتە عێراق لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام لەبەر دۆخی ئەمنی تکریت دەنگۆی ئەوە هەیە لە هەولێر نێژراوەو لە مزگەوتی جەلیل خەیات پرسەی بۆ دادەنرێت.
زانیاری پێچەوانەی ئەم زانیاریانە؛ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بەهۆی سستبوونی دڵیەوە لە شاری هەولێر مردووە.
سالم ئەلجومەیلی، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری بەعس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X مردنەکەی، دەڵێت" هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مزگەوتی جەلیل خەیات پرسەی بۆ دادەنرێت.
حەبوش یەکێک بوو لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی سەدام حوسێن و دەستێکی باڵای هەبوو لە تاوانەکانی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١. لە کۆتا رۆژەکانی رووخانی رژێمی سەدامدا هەندێک زانیاری ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ناوبراو کاری سیخوڕی بۆ ئەمەریکا کردووەو زانیاری پێداون.
لەلایەکی ترەوە ناوبراو لە لیستی ئەو بەرپرسانەی رژێمی سەدامدا بوون کە حکومەتی ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی بدات.
تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم و پارێزگاری ئەو شارە هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە بلاونەکردۆتەوە.
تاهیر جەلیل حەبوش، دوا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی سەرۆک سەدام حسێندا، لە ساڵی ١٩٥٠ لە شاری تکریت لەدایکبووە. ئەو دەرچووی کۆلێژی پۆلیسە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. لە پلە و پۆستە حکومییەکاندا لە کەرتی ئەمنی، دیپلۆماسی، نووسینگەکانی سەرکردایەتی پارتی بەعس و فەرمانگەکانی دیکەدا پلەی بەرزی هەبووە. پاشان بوو بە پارێزگاری "زی قار"، دواتر بوو بە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس و دوای ئەوەش بوو بە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی. سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی عێراق دواین پۆست بوو کە لە کاتی دەسپێکی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراقدا هەیبوو.