ئەنبار.. دوو ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سنووری قائیم کردە ئامانج، دوو ئەندامی هێزەکانی حەشد کوژراون، ئەوەش لەکاتێکدا ئاگادارییەکی ئەمنی لە ناوچەکە ڕاگەیەندرا.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیا عێراقییەکانی وتووە" هێرشێکی ئاسمانی بە سەرچاوەی نادیار بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەی هێڵی ئاسنی (گومرگ) لە شاری قائیم کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەرەتا دوو ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژران".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "هێشتا ڕادەی زیانەکانی ماددی هەڵدەسەنگێندرێت لەنێو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بەردەوامەکان لە ناوچەکەدا."

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر بارەگای لیوای ٣٤ی حەشد لە قەزای شێخانی سەر بە موسڵ

لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە تا ئەمڕۆ بە بەردەوامی بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بۆردوومان دەکرێن، لە سەرەتای جەنگەوە بنکە و بارەگاکانیان زیاتر لە ٨٥ جار لە ٧ پارێزگای عێراق بۆردوومان کراون.




AM:09:39:04/04/2026