وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باس لە ئامادەکارییەکانیان دەکات بۆ بەهاناوەچوونی ئەو هاوڵاتیانەی ئێران کە بە هۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئاوارەی عێراق دەبن.
یەک شەممە، ٥ نیسان ٢٠٢٦، عەلی جیهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند "حکومەتی عێراق پلانێکی داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهات و لێکەوتەیەکی جەنگ، لەوانەش پرسی هەڵاتنی خەڵک و هاتنیان بۆ ناو عێراق. وەزارەتەکەمان ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پێشوازی لەو هاوڵاتییە ئێرانییانە بکەین کە روو لە عێراق دەکەن".
"تا ئێستا هیچ دۆخێکی ئاوارەبوون لە ناوخۆی عێراق یان لە ئێرانەوە بۆ ناو عێراق تۆمارنەکراوە. هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و هیچ گرفتێک نییە" عەلی جیهانگیر وا دەڵێت.
ئەو وتەبێژە باسی لە ئامادەکارییەکان کردوە و وتویەتی "لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەمان کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوئاهەنگی و دابینکردنی هاوکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی هاتنی خەڵک".
لە دوا ٢٨ شوبات و هەڵگیرسانی جەنگەوە حکومەتی عێراق داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردبوو، پلانی نیشتمانیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە دروست دەبێت ئامادە بکەن.