هێرشکرایە سەر دوو بارەگای حەشدی شەعبی لە سنووری سەلاحەدین

لە پەرەسەندنێکی نوێی ئەمنیدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٦ بارەگای دوو لیوای جیاوازی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین کرانە ئامانج کە یەکێکیان لە سنووری قەزای خورماتوو و ئەوی تریان لە دەوروبەری قەزای بێجی بووە و ئەمەش نیشانەی چڕبوونەوەی هێرشەکانە بۆ سەر ئەو هێزانە لەو ناوچانەدا.

یاسین داوودی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ڕایگەیاند” بارەگایەکی فیرقەی چوار و لیوای ٥٢ی حەشدی شەعبی لە گوندی پارەپارەی سەر بە قەزای خورماتوو بۆردوومان کراوە کە ئەم لیوایە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە و لەژێر فەرماندەیی مەهدی تەقی ئامرلیدایە.” 

هاوکات، سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاش لە پارێزگاکە جەختی کردەوە کە بارەگای لیوای ٣١ی حەشدی شەعبی سەر بە گرووپی ڕیسالیوون بە ئەمیندارییەتی عەدنان شەحمانی لە دەوروبەری قەزای بێجی بۆردوومان کراوە بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان بە وردی ڕانەگەیەندراوە.

ئەم بۆردوومانانە لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٩٠ جار بارەگای هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئەمەش دەری دەخات کە سنووری پارێزگای سەلاحەدین وەک ناوچەیەکی گەرمی ململانێیە هەرێمییە چەکدارییەکان ماوەتەوە.



PM:10:08:05/04/2026