بزووتنەوەی نوجەبا وەک یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند” ئەگەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هێرش بکاتە سەر ئێران ئەوا تەواوی بنکە و وێستگەکانی وزەی سەر بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی ڕەوای موقاوەمە.”
عەبدولقادر کەربەلایی یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا لە ڕاگەیێنراوێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاماژەی بەوە دا کە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو دوا وادەیەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دیاریکردووە هیچ هێڵێکی سووریان لەسەر ئامانجە ئەمریکییەکان نابێت و وێستگەکانیان بۆردوومان دەکەن و ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ کە وتبووی پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران وێران دەکەن ئەگەر تاران تاوەکو ٦ی نیسان تەنگەی هورمز نەکاتەوە.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بە تەواوەتی پەککەوتووە و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش زیاتر لە جاران خۆیان وەک لایەنێکی سەرەکی لەم ململانێیە نێودەوڵەتییەدا نیشان دەدەن.