وەزارەتی پەروەردەی عێراق پرۆگرامەکانی خوێندنی کەمکردەوە و وادەی تاقیکردنەوەکانی گۆڕی

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا لە ڕۆژی دووشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٦ وادەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی بۆ سەرجەم ئاستەکانی خوێندن گۆڕی و هاوکات ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ تاقیکردنەوە وزارییەکانی ئەمساڵ.

بەپێی خشتە نوێیەکەی وەزارەت تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ دەست پێ دەکەن و تاقیکردنەوەکانی پۆلی سێیەمی ناوەندیش لە ٩ی هەمان مانگدا ئەنجام دەدرێن و لە نێوان هەر تاقیکردنەوەیەکیشدا ڕۆژێک پشوو دەبێت.

هەروەها بۆ پۆلە ناکۆتاکانی قۆناغی سەرەتایی وادەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان بۆ ٢٥ی نیسان و بۆ پۆلە ناکۆتاکانی قۆناغی ناوەندیش بۆ ٢٦ی نیسان دیاری کراوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بابەتانەی خوێندنی دەرکرد کە لە تاقیکردنەوە وزارییەکاندا جێگیر کراون و ئەم بڕیارەش خوێندکارانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی و سێیەمی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی بە هەردوو لقی زانستی و وێژەییەوە دەگرێتەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا وادەی تاقیکردنەوەکان بە شێوازێکی دیکە دیاری کرابوون بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە وەزارەت بڕیاری پێشخستنی وادەکان و سوککردنی پرۆگرامەکانی داوە بۆ بەرژەوەندی خوێندکاران.



PM:08:46:06/04/2026