فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند” بارەگاکانیان لە قایم لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.”
جەختیان کردەوە کە ژمارەیەک لە بارەگاکانی سەر بە لیوای ١٣ی ئەلتفوف لەو ناوچەیە کەوتوونەتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەییەکە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان بە بارەگاکان گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی تری ناو حەشدی شەعبی ئاشکرای کرد کە تەنیا لە قایم حەوت هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون.
هاوکات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ فڕۆکە جەنگییەکان دوو پێگەی تری حەشدی شەعبیان لە باشووری پارێزگای کەرکوک کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە بۆردومانەکەی کەرکوک دوو پێگەی سەر بە لیوای ١٦ی حەشدی لە ناحیەی تازە و ناوچەی بەشیر پێکاوە و ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر سایەی ململانێیەکی توندی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە و هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە ناو خاکی عێراق بەردەوامییان هەیە.