ئەمریکا هەڕەشەی جدی لە عێراق و میلیشیاکان دەکات


جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کریستوفر لاندۆ، باڵیۆزی عێراق، نزار خەیروڵڵای بانگێشت کرد بە مەبەستی " ئیدانەکردنی توندی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە مەترسیدارانەی کە لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون" لە عێراق.

بە پێی زانیارییەکان، پێنج شەممە، ٩ نیسانی ٢٠٢٦، کریستوفر لاندۆ دانی بە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا ناوە بۆ
"بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە"، جەختیشی کردەوە کە "شکستی حکومەتی عێراق لە ڕێگریکردن لەم هێرشانە، لە کاتێکدا هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەتی عێراقەوە بەردەوامن لە دابینکردنی چەتری سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ میلیشیاکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق ".

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ باڵیۆزی عیراق تیشکی خستۆتە سەر ئەو "هێرشە تیرۆریستییە مەترسیدارانەی کە لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون، کە لە خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردووە و کارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، لەوانەش بۆسەکەی ٨ی نیسان کە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە بەغدا کردە ئامانج".

جگە لەوانەش کریستوفر لاندۆ باسی "سەدان هێرشی هەفتەکانی ڕابردووی دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، و بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، هەروەها دژی وڵاتانی دراوسێی عێراق و دامەزراوەکان و مەدەنییەکانی عێراق، لەوانەش لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدراون" کردوە لە کۆبونەوەکەدا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  جەختی کردەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ناکات، و چاوەڕێ لە حکومەتی عێراق دەکات کە دەستبەجێ هەموو ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران".




AM:12:43:10/04/2026