هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق چووە گەڕی دووەم

‌ساتی جیاکردنەوەی دەنگەکانی لە گەڕی یەکەمدا

گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن.

شەممە، ١١ نیسان ٢٠٢٦، بۆ ئەوەی هەر بەربژێرێک بتوانێت ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق پێویستە ٢٢٠ دەنگ بەدەست بهێنێت، وە هیچ کام لە بەربژێرەکان دەنگی پێویستیان لە گەڕی یەکەمدا بە دەست نەهێنا و هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم.

لە گەڕی یەکەمدا نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی توانی ٢٠٨ دەنگ بە دەست بهێنێت و فواد حسێن، بەربژێری پارتیش ١٦ دەنگی بە دەستهێنا، لە بەرامبەردا موسەنا ئەمین، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ١٧ دەنگ وبەربژێرەکانی دیکە ٢ دەنگیان بەدەست هێناوە.

لە گەڕی دووەمدا تەنها نزار ئامێدی وموسەنا ئەمین لە کێبڕکێکەدا دەمێننەوە. 

 لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی پەرلەمان، ٢٥٢ پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون و دەنگیان بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار دا، لە گەڕی یەکەمدا ١٦ بەربژێر لە لیستی پۆستی سەرۆک کۆماردابوون.

لە گەڕی یەکەمدا هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بزووتنەوەی حقوق بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. 

لە هەمان کاتدا سەرۆکی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ڕاستەوخۆ چوەتە پەرلەمانی عێراق و لە نوسینگەی فراکسیۆنەکەیەوە بە رۆژنامەنووسانی وت "تەبعەن ئەمڕۆ پۆستەکە یەکلا دەبێتەوە".

بەر لە دەستپێکردنی گەڕی یەکەم، هەریەک لە د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق و ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان، بە فەرمی کشانەوەی خۆیان لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند.





PM:04:31:11/04/2026