وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ساحب بەزوون لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئاشکرا کرد و دەڵێت "هەموو کێڵگەکانی نەوت بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن".
شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، ساحب بەزوون رایگەیاند "پەیوەندیمان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە کردووە بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەست. دەرگا کراوەیە و لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکەینەوە."
"چەندە پەلە بکەین لە هەناردەکردنەوە بۆ وڵات باشترە، چونکە ئەوە دەبێتەهۆی کۆکردنەوەی داهاتی زۆر بۆ دەوڵەت.، وتەبێژی وەزارەتی نەوت وا دەڵێت.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت وتوشیەتی"سەرجەم کێڵگەکانی نەوت لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، پلانمان هەیە بایەخی تەواو بە دەروازە و رێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردن بدەین بۆ ئەوەی نەوتی رەش لە رێگەیانەوە هەناردە بکەین".
ساحب بەزوون دەشڵێت "ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ داهاتی دارایی نییە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان دەبێت، چونکە یارمەتیدەر دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ بۆ گازی شل بۆ ماڵان و گازی سرووشتی کە بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر پێویستە."
گەرووی هورمز رێڕەوی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان و نزیکەی ٪٩٠ی نەوتی عێراق لەو رێگایەوە دەفرۆشرێت.