هاوکێشە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕانکاریی بەسەردا هات و کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان شەش ناودا چڕبووەتەوە.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی "تەسیم" ڕایگەیاند'' نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی بە فەرمی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کشانەوە، ئەمەش قۆناغێکی نوێی لەناو ماڵی شیعەدا دەستپێکردووە.''
لە ئێستادا شەش ناو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لەناو کۆبوونەوە داخراوەکاندایە کە بریتین لە (باسم بەدری، عەلی شوکری، محەمەد دەراجی، عەبدولحوسێن عەبتان، قاسم ئەعرەجی، و حەمید شەتحی). فایز جەختی کردەوە کە هێشتا هیچ کام لەو ناوانە یەکلایی نەکراونەتەوە.
کۆبوونەوەی بڕیاردەر بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان ئەنجامبدرێت لەو کۆبوونەوەی داهاتوو ناوی کۆتایی کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕابگەیەنرێت، بڕیار بوو کۆبوونەوەکە ئەمشەو ئەنجامبدرێت بەڵام دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار.
بەگوێرەی لێدوانەکان، لە ئێستادا لە پێشینەی کارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها ڕێککەوتنە لەسەر سەرۆک وەزیران، دوای ئەوە پڕۆسەی دابەشکردنی وەزارەتەکان کاتێکی زۆری پێ ناچێت، چونکە تێگەیشتنی سەرەتایی لەسەر شێوازی حکومەتەکە هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێتسا کاندید بوونی ئەو شەش کەسە نوێیە جێگیر نییە و شارەزایان دەڵێن'' ئەگەر هەیە تاوەکو دواساتەکان هەر یەک لە مالکی و سودانی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دووبارە کاندید بوونەوەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.''