فەرماندەی فەیلەقی قودس گەیشتە بەغدا

عێراق دەبێتە چەقی ململانێیەکی دیپلۆماسی و سەربازیی چڕ، کاتێک فەرماندەی فەیلەقی قودس و نێردەی تایبەتی ترەمپ لە یەک کاتدا ڕوو لە بەغدا دەکەن.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازیی باڵادا گەیشتە بەغدا. ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی "مقاوەمە" بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاکییەکانی قۆناغی داهاتوو لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قائانی دەیەوێت هەماهەنگییەکی نوێ لەگەڵ هێزەکانی نزیک لە تاران دروست بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دەست ئاڵۆزییە دەریایی و سەربازییەکانەوە دەناڵێنێت و فشارەکان بۆ سەر گرووپە بریکارەکانی ئێران زیادیان کردووە.

بڕیارە سبەی "تۆم باراک"، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و لوبنان، بگاتە بەغدا. ئامانجی باراک ڕوونە، گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەو هێزانەی واشنتن وەک "بریکاری ئێران" لە عێراقدا پۆلێنیان دەکات.

هاوکات، شارەزایان باس لەوەدەکەن، سەردانی هاوکاتی ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکەی تاران و واشنتن، حکومەتی عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت؛ لە لایەک فشاری ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و لە لایەکی دیکە سووربوونی ئێران لەسەر بەردەوامیی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوخۆی عێراقدا.



AM:12:13:19/04/2026